Skip to main content

تۆڕێکى قاچاخى ماددەى هۆشبەرى حیزبوڵاى لوبنانى ئاشکرا بوو

تۆڕێکى قاچاخى ماددەى هۆشبەرى حیزبوڵاى لوبنانى ئاشکرا بوو
AvaToday caption
posted onNovember 19, 2021
nocomment

کەناڵێکى میدیایی ئاشکراى کرد کە تۆڕێکى قاچاخى مادەى هۆشبەر کە سەر بە میلیشیاکانى حیزبوڵاى لوبنانییە و بە چاودێرى کۆمارى ئیسلامى و ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد کار دەکەن، لە نێو سووریە و ئوردن خەریکى چالاکین و سوود لە دۆخە ناوچەییەکە وەردەگرن بۆ برەودان بەو بڵاوکردنەوەى ماددەى هۆشبەر و بەقاچاخبردنى بۆ وڵاتانى دیکە.

 

کەناڵى (ئەلسویدا نیوز ـ Swaida News) بڵاوى کردەوە فرۆشەران و قاچاخچییانى مادەى هۆشبەر خەریکى ئامادەسازین بۆ قاچاخ هێنانى بڕێکى زۆرى ماددەى هۆشبەر و نزیکەى پێنج ئۆتۆمبێلى پڕ لە ماددەى هۆشبەریان بە چاودێرى یەکێک لە ڕابەرانى حیزبوڵا بە ناوى ئەحمەد جەعفەر (ئەبوو یاسین) لە لوبنان هێناوەتە پارێزگاى ئەلسویدا تا لەو پارێزگایەی سوریەوە بە قاچاخ بیبەنە ئوردن.

 

بە پێى زانیارییەکانى ئەم کەناڵە، ئەم بارە گەورەیە لە دەیان خاڵى پشکنینى سەربازى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد تێپەڕیوە و براوەتە ماڵى "ئەبوو عەلى" یا هەمان حوسەین ئەلوەهبان لە گەڕەکێکى شەڕزەدەیە لە دەروازەى باکوورى ئەلسویدا و ماڵى " جامل البلعاس" لە نزیک گۆڕەپانێکى ئەمنی و سەربازى سوریە.

ئەم بارە ماددە هۆشبەرە دواتر گوازراوەتەوە بۆ کۆگا و خانووەکانى "لمرعي رويشد الرمثان" لە گودندى "الشعاب" لە نزیکى سنوورى ئوردن، ئەم پیاوەش یەکێکە لە گرنگترین مۆرەکانى میلشیا چەکدارەکانى حیزبوڵاى لوبنان لە باشوورى سوریە.

حیزبوڵا

بە پێى ڕاپۆرتى ئەم کەناڵە، "لمرعي رويشد الرمثان" ماددە هۆشبەرەکە هەڵدەگرێت تا لە کاتى گونجاو و بە هاوکارى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد و دەزگا ئەمنییەکان، بیگوازنەوە بۆ ئوردنى پاشایەتى و بڕیار وایە لە زستاندا ئەم کارە بکەن، بەمەش قاچاخچییەکان سوود لە باران و تەمومژ وەردەگرن بۆ گواستنەوە بارەکە چونکە لەو کاتانەدا کامێراکانى چاودێرى و ئەو کامێرایانەى گەرمی دەپێون بۆ تۆمارکردنى جووڵەکان، کاراییان سنووردار دەبێتەوە.

 

پێشتریش دەزگاى میدیایی ئۆرینت بڵاوى کردبووەوە کە ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد زۆرێک لە ناوچەکانى ژێر کۆنتڕۆڵکردنى خۆى و میلیشیا سەربازییەکانى سەر بە ئێران و حیزبوڵاى لوبنانى کردووەتە شوێنی چاندنى حەشیش و بەرهەمهێنان و قاچاخى ماددەى هۆشبەر و لەوێوە ماددەى هۆشبەر دەگوازێتەوە بۆ وڵاتانى دەوروبەر.

ڕۆژنامەى گاردیەن ـى بەریتانی لە ٧ى مانگى مەى، هۆشدارى دروستکردنى جۆرە حەبێکى ماددەى هۆشبەرى دابوو کە بووەتە شاڕێگەى ئابوورى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەد و ئەم قاچاخەش بە چاودێرى و سەرپەرشتى سوپاى قودسى کۆمارى ئیسلامى و بنەماڵەى بەشار ئەسەد و دەزگا ئەمنییەکانیان ئەنجام دەدرێت.