نووسەرێکى عەرەب لە بارەى کشانەوەی هێزەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خاکی سووریا بۆ نێو خاکی عێراق ئاماژە بەوە دەکات "کشانەوەى هێزەکان لەسەر ستراتیژییەتێکى نوێ دارێژراوە، بە جۆرێک کشانەوەى هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتى سووریا بۆ نێو عێراق، بۆ ئەوەیە ڕێگاى بەستراوی سووریا و ئێران بچڕێنێت".
زیا حەسوون، لە وتارێکى بەناوونیشانى ( کشانەوەى سێیەمى ئەمریکا و قۆناغی سێیەم)، کە لەرۆژنامەى عوکازی سعودی بڵاو کراوەتەوە دەڵێت "گەڕانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بۆ عێراق هاوکاتە لەگەڵ سزا ئابوورییەکانى دژى ئێران، کە ڕێگاچارەیەکى گونجاوە بۆ ئەوەى سەرچاوەی دەسەڵاتەکانى کۆمارى ئیسلامى لەعێراق و سووریا پێکەوە وشک بکات". هێماشی بەوە کردووە "هەنگاوەکەى واشنتۆن دوو سەرەیە، یەکەمیان لۆجیستى و ئەویتریش ئابووری".
لە بەشێکى دیکەى نووسینەکەى ئەو نووسەرە عەرەبە هاتووە "بوونى ئەمریکا لە بەغدا نزیکترە لە تاران لەوەى لە دیمەشق، بۆیەش هیچ مانایەکى مانەوەى هێزە سەربازییەکانى دوور لەسەرچاوەى دەسەڵاتەکانى ئێرانی نییە، چونکە پێی وایە عێراق گۆڕەپان و کلیلى هێزەکەیەتى لە وڵاتى شام". حەسوون دووپاتی دەکاتەوە "کشانەوەى ئەمریکا لە سووریا، یەکسانە بە گەڕانەوەى بەهێزیان بۆ عێراق چ لە ڕێگەى ئابوورى یان سەربازی".
جەخت لەوەش دەکاتەوە " کەسایەتییەکەى ترامپ، بە شێوەیەکى ڕوون جیاوازى هەیە لەگەڵ سەرجەم سەرۆکەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان، چونکە جێی مشتومڕی سەرجەم ناوەندە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانى نێو ئەمریکا و دەرەوەیەتى، هەروەها یەکەم سەرۆکێشە هەوڵى لاوازکردنى کۆنگرێس بدات و لەدەرەوەى شەپۆڵەکانى ئەو حزبەش دەخوێنێت کە گەیاندوویەتى بە سەرۆکایەتى وڵات، بەڵکو زیاتر پشت بەحزبی سەرمایەدارى پارە دەبەستێت و، بەئاراستەى ئەوان هەنگاو دەنێت".
لەبارەى کشانەوەى ئەمریکاش لەنێو خاکی سووریا، کە بڕیارەکەى ترامپ جیهانى سەرسام کرد و، کۆمەڵێک خوێندنەوەى جیاوازییان بۆ کرد، حەسوون قسەیەکى دیکەى هەیە لەو پرسەو پێی وایە "کشانەوەى ئەمریکا لە عێراق بە دووەم قۆناغی کشانەوەى هێزە سەربازییەکانى ئەمریکا لە دواى ڤیتنام دادەنرێت، لە ڕووى هۆکار و کشانەوەش لەیەکچوونێک هەیە، بەڵام ئەوەى سێیەم کە لە ڕووسیا ڕووی داوە جیاوازییەکى زۆرى هەیە".
هێماى بەوەش کرد "قۆناغی یەکەم پابەندیی ئەمریکا لە چوارچێوەى ئابوورى و دەستێوەردانى نێودەوڵەتى بوون، قۆناغی دووەمیش تاکلایەنانە واشنتۆن دەستى بە بڕیاری سەربازی دوور لەچەترى ئەنجومەنى ئاسایش داوە، ئێستاش ترامپ قۆناغی سێیەم جێبەجێ دەکات، ئەویش لێکردنەوەى بەرهەمى قۆناغى ئابووریی یەکەمە".
لەبارەی چۆنیەتى وەرگرتنەوەى بەرهەمە ئابوورییەکانى ئەمریکا لە دەستێوەردانی سەربازیی نووسیویەتى "هێزەکانى ئەمریکا لەسەر زەوی نامێنێت، لەبرى ئەوان کۆمپانیاى ئەمنى ئەمەریکی جێگەیان دەگرێتەوە و هەنگاوەکانى خەرجیی سەربازیش دەبێتە وەبەرهێنانێک و دەستکەوتى مادی لێدەکەوێتەوە، لە پاڵ ئەوانەش کاری سیخووڕی و هەواڵگری بە کارایی دەمێنێتەوە، کە لە چوارچێوەى کۆمپانیاکاندا کارەکانیان ڕادەپەرێنن".
لە بەشێکى دیکەی وتارەکەشى باسى کوردەکان و، مێژووى سیاسی ئەو میللەتە کردووە کە چۆن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کۆکن لەوەى "نابێت کوردەکان خاوەن دەوڵەت و خەونی خۆیان بن، بۆیەش ئەمریکا ڕێکەوتووە ئەوان ڕادەستى تورکیا بکات، بۆ ئەوەى ڕووسیاش گرووپە چەکدارەکانى دیکەش پاکتاو بکەن".