Skip to main content

لە ورمێ ڤاکسێنى دژە کۆڕۆنا بە ٣٠ ملیۆن تمەن مامەڵەى پێوە دەکرێت!

لە ورمێ ڤاکسێنى دژە کۆڕۆنا بە ٣٠ ملیۆن تمەن ماڵەى پێوە دەکرێت!
AvaToday caption
posted onSeptember 11, 2021
nocomment

لەم یەک دوو ڕۆژەى ڕابردوو ٤٦ ژەمە ڤاکسێنى دژە ڤایرۆسى کۆڕۆنا بە ناوەکانى (ڕیمدیسێڤیر ـ Remdesivir) و )ئاکتیمرا ـ Actemra لە ماڵى فەرمانبەرێکى نەخۆشخانەى ورمێ دەرهێنراون کە کاسپییان پێ کراوە و بە پارەیەکى زۆر و خەیاڵى فرۆشراون بە خەڵکى دیکە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەموو دونیا ڤاکسێنى دژە کۆڕۆنا بە خۆڕایی لە خەڵک دەدرێت.

 

بە هۆى فەرمانە نادروست و پیلاندارەکەى خامنەیی ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى سەبارەت بە یاساغکردنى هاوردەکردنى ڤاکسێنى دژە کۆڕۆناى ئەمریکى و بەریتانی، زۆر کەس دەستیان بە کاسپى بە ڤاکسێنە دروستکراوەکانى خودى ڕژێم و هەندێک ڤاکسێنى دیکە کە گوایا دژى ئەو پەتایەن، کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دەنگۆکان وا دەریدەخەن کە خودى کۆمارى ئیسلامى و سوپاى تیرۆریستى پاسداران لە پشتى ئەم کارانەوەیە و ئەمەش لاى خەڵک تەنیا گومان نییە، چونکە لە ماوەى ڕابردوو ئەم سوپایەى خامنەیی هەموو کارێکى کردووە بۆ بەتاڵکردنى گیرفانى خەڵک و کۆکردنەوەى سەرمایە بۆ هێشتنەوەى ڕژێمى دیکتاتۆرى ئاخوندى.

سەرهەنگ ئیرەج حەسەن خانى جێگرى فەرمانەى هێزە ئینتزامییەکانى ورمێ ماوەیەکى زۆر لە پاش بڵاوبوونەوەى دەنگۆى فرۆشتنى ڤاکسێنەکان لەو پارێزگایە و کەوتنە سەر زارى هەموو کەس، هەنگاوى هەڵێناوەتەوە بۆ ئەوەى دەست بەسەر ئەو بازاڕە ڕەشەدا بگیردرێت کە دەستى خۆیانى تێدایە، بەڵام وەک هاووڵاتییەکى شارەکە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى گوت: ناچار بوون دواجار دەست بەکار بن، چونکە لاى هەموو خەڵکى بڵاو ببووەوە و نیگەرانى دروست کردبوو و تەنانەت پەنجەى گومان و تۆمەتبارکردنەکان ڕووەو سوپا و هێزە ئینتزامییەکانى کۆمارى ئیسلامى بوو.

لە ورمێ و زۆرێک لە شارەکانى دیکە هەندێک ڤاکسێن بە خودى ڤاکسێنە دروستکراوەکانى کۆمارى ئیسلامیشەوە بە بەهایەکى گەورە و گران بە خەڵکێک دەفرۆشرێت کە ترسى تووشبوون و لەدەستدانى کەسوکارى هەیە، هەرچەندە لە تارانى پایتەخت ئەم کاسپییەى نێو بازاڕى ڕەش زۆر گەورەترە لەمە و بەهاکانى ئەو جۆرە ڤاکسێنانەش کە هیچ ناوەندێکى پزیشکى ـ جیهانى تۆمارى نەکردوون، خەیاڵییە!

سەرهەنگ ئیرەج حەسەن خانى جێگرى فەرمانەى هێزە ئینتزامییەکانى ورمێ، باسى لەوە کردووە کە دوو کەسی تۆمەتباریان گرتووە بە فرۆشتنى ڤاکسێنەکە لە بازاڕى ڕەش کە یەکێکیان فەرمانبەرى نەخۆشخانەى ورمێیە و و ٤٦ ژەمە ڤاکسێنن کە بەهاکەیان ٥٠٠ پێنج ملیار ڕیاڵە!