Skip to main content

پۆمپئۆ: کۆماری ئیسلامی تەنیا لە چەند مانگ خۆی لە بەربەستەکانی بەرجام دەرباز کرد 

پۆمپێئۆ: کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ماوەی چەند مانگدا خۆی لە بەربەستەکانی بەرجام دەرباز کرد. 
AvaToday caption
posted onJuly 1, 2021
nocomment

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەکەی ترامپ، بە “جێروزالم پۆست”ی وتووە: کاتێک کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ماوەی چەند مانگێک توانی خۆی لە دەست بەربەستەکانی ڕێکەوتنی ناوکیی ناسراو بە “بەرجام”دەرباز بکا، لەگەڵ ئەقڵ ناگوندێ ئێستا دەوڵەتی بایدێن هەوڵى بوژانەوەی بەرجام بدات.

 

پۆمپێئۆ وتی: “کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرتاوە بەو بەڵێنانەی کە سەبارەت بە دام و دەزگا شاراوەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆمی خۆی دابووی پێبەند نەبووە. بەڵگەنامە نهێنییەکانی ناوکیی ئێران کە رێکخراوی هەواڵگری مووساد، بڵاوی کردۆتەوە بە ڕاشکاوی نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە لە بواری سەربازی و چەکداری پڕۆگرامی ناوکیی خۆی درۆی کردووە”.

پۆمپێئۆ جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی هیچکات لە هەوڵەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکیی دەستی نەکێشاوەتەوە و وتی بە پێچەوانەی لێدوانەکانی باراک ئۆباما،سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمریکا، کە دەیگوت: “دێوەزمەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیمان لە شووشە کردووە”، بەرنامەی “ئاماد”ی سپای پاسداران بۆ دروستکردنی چەکی ناوکیی بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو زیاتری کردووە.

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا هۆشداری‌دا کە حکوومەتی ئێران لە تەواوی ئامرازەکانی بەر دەستی خۆی کەڵکی وەرگرتووە تا ساتی تاقیکردنەوەی بەرنامەی ناوکیی خۆی تەنانەت ئەگەر بکرێت بۆ چرکەیەک زووتر بخاتە پێشەوە کە ئەمە زۆر سامناکە، هەر بۆیە مێشکی وشیار دەڵێ کە ئێمە نابێ بە ملیارد دۆلار پارە بخەینە بەر دەستی ئەوان کە بۆ پەرەدان بە بەرنامەی ناوکیی خۆیان کەڵکی لێ وەرگرن.

لەدرێژەی وتووێژەکەدا پۆمپێئۆ سەبارەت بە گرینگی لە ناوبردنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، لە دەورەی دەوڵەتی ترامپیش‌دا شرۆڤە و لێدوانی کرد. پۆمپێئۆ لەم بارەوە وتی: سلێمانی لەو کاتەدا بە شێوەی ئاشکرا سەرقاڵی بەرنامە داڕشتن و فەرماندەیی هێزەکانی سپای قودس و گرووپە تێرۆریستییەکان بۆ کوشتنی هێزە ئەمریکاییەکان لە عێراق‌دا بوو. ئەو گەڵاڵەی کە سولەیمانی لە کاتی هاتنەوە لە بەیرووت و دەمێشق بۆ بەغدا دایڕشتبوو، ئەگەر بە ئاکام گەیشتبا، خەڵکێکی زۆری ئەمریکایی دەبوون بە قوربانی سیاسەتە گڵاوەکانی کۆماری ئیسلامی.