ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە ڕۆژی ٢١ی سەرماوەز گوتى لە چەند ڕۆژى ئایندە سوپای تورکیە بۆ لەناوبردنی هێزەکانی یەپەگە دەچێتە ڕۆژاوا و منبج کۆنترۆڵ دەکا.
ڕۆژێک دواتر شان ڕابرتسۆن وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند هێرشی تورکیە بۆ باکوری سوریە قبوڵ ناکرێ لەبەر ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیەن. وتەبێژی پێنتاگۆن وێرای ئەوەی گوتی نیگەرانی تورکیە سەبارەت بە باکوری سوریە درک دەکەین، بەڵام هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک وەک هاوپەیمانی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعشدا دەبینن.
ڕۆژی پێنجشەممە و ڕۆژی هەینی ٢٢ و ٢٣ی سەرماوەز ئەردوغان سەرکۆماری تورکیە جارێکی دیکە سەبارەت بە هێرش بۆسەر باکوری سوریە قسەی کرد، بەڵام وەك ڕابڕدوو باسی ئەوەی نەکرد ئەو هێرشە چ کاتێک ئەنجام دەدرێت. پێداگری ئەردۆغان بۆ هێرشی سوپای تورکیە بۆ ناو خاکی سوریە دژی هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک لە حاڵێکدایە کە ئەم هێزانە ڕۆژێک پێشتر ناوچەی هەجینی سوریە لەسەر سنوری عێراقیان لە کۆنتڕۆڵی داعش دەرهێنابوو.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەو حاڵەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئیزنی چوونە ناو سوریەی بە سوپای تورکیە نەدا، بێ هێوا نەبوو و ئێوارەی هەینی بە تەلەفون قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا کرد. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ئاڤاتودەی کەوتوون، سەرۆک ترامپ نە تەنیا وەڵامی ئەردۆغانی نەداوەتەوە بەڵکو داوای لێکردووە، لە هێرشی سوپای تورکیە بۆسەر هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا واز بێنێت.
پشتیوانی ئەمریکا لە هێزەکانی سوریەی دێموکڕاتیک کە بە "ی پ گ" ناسراون، پێکهێنەری سەرەکی ئەم هێزەیە بووەتە هۆی کێشەی سیاسی نێوان تورکیە و ئەمریکا. ئەمریکا پێی وایە هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک گرینگترین هێزی دژی داعش بە حیساب دێن و بە بێ ئەم هێزانە ڕەقە پایتەختی داعش و زۆر ناوچەی دیکەی سوریە ئازاد نەدەکرا. بەڵام تورکیە ئەم گرووپە بە تیرۆریست ناو دەبات. یەکیەتی ئەوروپاش وێڕای ئەمریکا، تێڕوانینی تورکیەی قەبوڵ نییە.
پاش بێ هیوایی تورکیە لە چرا سەوزی ئەمریکا بۆ هێرش بۆسەر منبج، ٢٠ فرۆکەی تورکیە، پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)لە باشووری کوردستانیان بە چڕی بۆردومان کرد. سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیە ڕایگەیاند لەم بۆردومانەدا ڕەچاوی خەڵکی سڤیل و ئاسایی کردووە، بەڵام هەواڵەکانی گەیشتوو بە ئاڤاتودەی پێشان دەدەن کە ٤ کەسی سڤیل لە کەمپی ئاوارەکانی مەخموری سەر بە پ ک ک گیانیان لە دەست داوە.
تورکیە لە ناساندنی یەپەگە وەک هێزیکی تیرۆریستی ناکام ماوە و نەیتوانیوە ئەوروپا و ئەمریکا بێنێتە سەر قەناعەتی خۆی. هێرشی بەربڵاوی فرۆکەکانی تورکیە بۆ سەر خاکی باکوری عێراق و هەرێمی کوردستان بووە هۆی ناڕەزایی حکومەتی بەغدا. دەوڵەتی عێراق ئەم هێرشانەی ئیدانە کرد و داوای لە تورکیە کرد کۆتایی پێ بێنیت.
سیاسەتی ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرکۆماری تورکیە دژی ڕۆژاوای کوردستان و بە تیروریست ناساندنی هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک نە تەنیا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکو کێشەی لە پەیوەندییەکانی ئەنکەرە لەگەڵ واشنتۆن و ئەوروپا و بەغدا ساز کردووە.