Skip to main content

دامەزراوە ئایینەکان هەڕەشە لەناوەندێکى رۆشنبیری دەکەن

دامەزراوە ئایینەکان هەڕەشە لەناوەندێکى رۆشنبیری دەکەن
AvaToday caption
posted onDecember 10, 2020
nocomment

ئاڤا تودەى - تایبەت

 

پاش بڵاوکردنەوەى چەندین بەرهەمى ڕەخنەیی ئایینى، کۆمەڵێک پیاوانى ئایینى لە وڵاتە ئیسلامییەکان هەڕەشە لە دامەزراوەیەکى رۆشنبیری دەکەن و، فشارەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەى ئەو دامەزراوەیە بەرهەمە ڕەخنەییەکانى ڕابگرێت.

 

خانەى (دار اللیبرالیة)، یەکێکە لەو دامەزراوە رۆناکبیرییە عەرەبیانەى لەماوەى یەک ساڵی تەمەنیدا چەندین کتێبی لەبواری ڕەخنەیی ئایینى و مەزهەبی لەنێو کلتووری عەرەبیدا بڵاوکردۆتەوە، کەدابەشبووە لەنێوان ڕەخنەى ئایینى، ئایینى بەراوردکاری، لەپاڵ ئەوانەشدا رۆمانی مشتومڕی و، رۆشنبیری سێکسی و، بێدینی مۆدێرن.

لەلێدوانێکى تایبەتیدا بەتۆڕی  هەواڵى (ئاڤاتودەى)، بەرێوەبەری جێبەجێکاری ئەو خانەیە ڕایگەیاند " سەرەڕاى هەڕەشەو فشارکان بۆ ڕاگرتنى چالاکییەکانمان، بەڵام ئێمە بەردەوامین لەکاری رۆناکبیریی و ئەدەبی".

جۆرج برشینی، باسى لەوەشکرد " سەرەڕاى ئاستەنگەکانى کارکردنیان لەچاپکردنى کتێب و بڵاوکردنەوەیان و، بەڕەنگارییەکانى پیاوانى ئایینى بەڵام توانیان لەماوەیەکى زۆر کورتدا  ژمارەیەکى پێوانەیی لەبەرهەمە ناوازەکان چاپ بکەن",

ئاشکراشی کردووە " بەمنزیکانە چەندین بەرهەمى نوێش دەخرێنە نێو کتێبخانەکانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وجیهان".

کتێبی دژە دین

خانەى (دار اللیبرالیة)، دامەزراوەیەکى سووری – ئەڵمانیە، گرنگى بەروناکبیرییەکى مۆدێرن، وپێشکەوتوو دەکات، بەجۆرێک زۆربەى کتێبەکانى دکتۆر نەبیل فەیاز، نووسەرى ناوداری سووری و، یەکێک لەدامەزرێنەرانى ئەو خانەیە، لەرێگەى ئەو دامەزراوەیەوە چاپ و بڵاودەکرێنەوە.

وەک برشیتی دەڵێت " یەکێک لەپرۆژەکانى خانەکەمان دابەشکردنى کتێبە بەخۆڕایی بۆ ئەو کەسانەى تێچووى کتێبەکانیانى نیە، بەجۆرێک وەک هەنگاوی یەکەم چوار کتێب بۆ هەر خوێنەرێک دابەش دەکرێت و، پرۆژەکەش سەرەتا لەنێو سووریادا جێبەجێ دەکرێت و، چاوەڕوانی پاڵپشتى زیاترین بۆ ئەوەى لەزۆربەى وڵاتانى دیکەش ئەو هەنگاوە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە".

بەگووتەى خۆیشی " ئێستا سەرپەرشتى پرۆژەى هەڵمەتى دابەشکردنى یەک ملیۆن کتێب بۆ قوتابیان و خوێنەران دەکەن".

بەپێی قسەکانى بەرێوەبەرە جێبەجێکارەکەى دار اللیبرالیة، لەلایەن کۆمەڵێک روناکبیری وڵاتانى عەرەبی و ئەورۆپی لەئەڵمانیا دامەزراوەو، لەپاڵ برشیتی و فەیاز، هەریەک لەدکتۆر مەحمەد مەزوغی، نووسەرى ناسراوی تونس و، سەید مەعن لەئەڵمانیا و، هەیسەم تەیون لەویلایەتە یەکگرتووەکان پشکدار بوونە لەدروستبوونى ئەو دامەزراوەیە.

گرنگترین کتێبەکانى مەزوغیش بریتیە لە" سێبەرى ئایینەکان"، کەیەکێکە لەکتێبە ڕەخنەیی ئایینى .

لەپاڵ ئەوانەش ئەمساڵ ئەو دامەزراوەیە کتێبی (پەرتووکی یەزدان؛ شەریعەتى مرۆڤ وگەردوون)ـى نووسەرى کورد کارزان حەمید بڵاوکردەوە، کەئەو کتێبە یەکێکە لەدەقە ئایینە نوێیەکانى سەدەى بیست و یەکدا.

ناوەرۆکى کتێبەکەش دەقێکى ئایینە بەڵام بەدەستى مرۆڤ نووسراون و، باس لەپێگەى مرۆڤ وەک هاوشێوەى خوداکان دەکات، چونکە گیان لەبەرێکى داهێنەرو پیرۆزەو، جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە " بەهیچ شێوەیەک بەهەر بیانوو و رێکارێک بێت ناکرێت مرۆڤ لەناوببرێت، بەڵکو دەبێت هەڵگری خۆشەویستى و ئاشتی بێت، بۆ ئەوەى زەوی بەردەوام بێت لەبەخشین کەلەدێر زەمانەوە وابووە".

دەقەکانى (پەرتووکی یەزدان؛ شەریعەتى مرۆڤ و گەردوون) کەساڵی ٢٠٢٠ چاپکراوەو لەزۆربەى کتێبخانە عەرەبی و ئەورۆپیەکاندا دابەشکراون، هاوشێوەى هیچ دەقێکى پیرۆز نیە، بەڵکو لەناوەرۆک و پەیامەکەیدا جیاوازییەکى زۆریان هەیەو، گرنگی زیاتر بەپاکیزەیی و لێبوردەیی و پاراستنى مرۆڤ لەپیرۆزییە دەستکردەکان دەکات.

بەڵام پیاوانى ئایینى ئیسلام پێیان وایە ئەو کتێبە هاوشێوەى قورئان نووسراوەو، هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە شێوەکەى لەقورئان دەچێت و، بەهەموو شێوەیەک دژایەتیان کردووەو، بەکارێکى کوفریان داناوە.

لەلایەن خۆیەوە نووسەری ئەو کتێبە باسى لەوە کرد " دەقەکانى کتێبەکەى لەناو قوڵایی مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ نووسراون، پەیامێکە بۆ بەڕەنگاربوونەوەى تووندوتیژیی سەرجەم ئایینەکان، کەلەرێگەى شەرعیەتدان بەخۆیان کاری کوشتارو تووندوتیژی ئەنجامدەدەن".

کتێبی دژە دین ٢

کارزان حەمید لەلێدوانێکدا بەتۆڕى هەواڵى (ئاڤاتودەى) راگەیاند "هۆکاری ڕەخنەى زۆربەى پیاوانى ئایینى بۆ کتێبەکە بۆ ئەوەیە شێوەى دەقەکانى نێو کتێبەکە لەقورئان و، کتێبە پیرۆزییەکانى ئایینەکان دەچێت، وا هەست دەکەن، نووسینەوەیەکى نوێی قورئانە".

ئەو نووسەرە ڕەتیکردەوە " بۆ نووسینى کتێبەکەى سوودی لەهەر دەقێکی ئایینى وەرگرتبێت"، بەڵکو گووتى " سەرجەم کتێبە ئایینەکان لەسەر بنەمای کوشتن و تووندوتیژی بونیاتنراوە".

ئاشکراشی کردووە " لەساڵی ٢٠٠٣ دوای بەرزبوونەوەى رێژەى کوشتن لەسەر بنەمایی ئایینى و مەزهەبی لەعێراق، بەجۆرێک رۆژانە ١٠٠ کەس لەبەغدا بەهۆى جیاوازیی ئایینەوە دەکوژران، وای لێکردم بیر لەدانانى یاسایەک بۆ پاراستنى پێگەى مرۆڤ بکەمەوەو، هەوڵدانێک بێت بۆ دوور کەوتنەوە لەکوشتن و، تووندوتیژی و، بونیاتنانى رووحێکى ئاشتیانەو خۆشەویستى".

دووپاتیدەکاتەوە " سەرجەم دەقە ئایینەکان ئیدعای خودایەتى و، ئیلهامی یەزدانى دەکەن و، دەقەکانیان بەپیرۆز دادەنێن، بەڵام کاتێک دەچیتە قوڵایی نێو کتێبەکانیان دەردەکەوێت ئەوان دامەزرێنەری جیاکاریی مرۆڤایەتین و، بەرامبەرەکەیان تەنها لەبەر جیاوازی ڕەتدەکەنەوە، ئەمەش پێویستی بەهەڵوێستە کردن هەیە".

بەگووتەى خۆیشی " لەبەر ئەوەى ئێمە لەدێر زەمانەوە لەسەر ئەم زەوییە دەژێن، پێویستە لەسەرمان یەکتر بپارێزین و، یارمەتى یەکتر بدەن، بۆ ئەوەى ژیانى سەر زەوی گەشاوەتر بێت".

ئەو خانەیە بۆ دابەشکردنى کتێبە مشتومڕەکانى وەک بەرێوەبەرەکەى ئاشکرای دەکات رێکەوتنێکى هاوبەشیان لەگەڵ دامەزراوەى سەفەحاتى سویدو، ماڵپەرى نیل و فورات هەیە، کەلەرێگەى فرۆشتنى ئۆنڵاین پرۆسەى دابەشکردنە ئەنجامدەدەن.

کتێبی دژە دین ٣

لەقۆناغی ئێستادا دامەزراوەکە سەرقاڵى چاپکردنى ٢٦ ناونیشانى نوێی کتێبە، کەلەنێوان بێدینى و، ڕەخنەیی دابەشبوونەو، بۆ یەکەمجاریشە دەکرێنە زمانى عەرەبی، لەماوەى دوو مانگی رابردووش توانیویانە ٥٠ کتێبی ئەلیکترۆنى چاپ بکەن و، لەرێگەى ئەنتەرنێتەوە بەسەر خوێنەرانیاندا دابەشی بکەن.

گرنگترین دروشمى ئەو خانەیەش ئەوەیە ئەوان ڕەوتێکى ڕەخنەیی و ڕاستگۆیی لەنێو مێژووی ئەدەبیاتى عەرەبیدا دروستبکەن، کەبەهۆى تووندئاژۆیی بزوتنەوە رادیکاڵەکانەوە شوێنێدراوەو، چەواشەکارییەکى زۆریش بەناوی ئایینەوە دەکرێت.