ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی گەڵاڕێزان، هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، دوو لێواری ١٤ و ١٦ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی باشوری کوردستانیان پڕچەک کرد.
پڕچەک کردنی لیوای ١٤ و ١٦ی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک دایە بە ناوی پێشمەرگە لە ئایندەدا.
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی باشوری کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل ڕایگەیاند: هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە بریتیە لە زرێپۆش و کەلوپەلی سەربازی بە ستاندرادی سەربازی سەردەم.
مەرجی هاوپەیمانان بۆ پڕچەک کردنی هێزەکانی پێشمەرگە، چاکسازی کە هێزەکانی پێشمەرگە و درووستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی نیشتیمانیە.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین لە بارەی چاکسازییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەی باشوری کوردستان ڕایگەیاندووە: چاکسازییەکان بە باشی بەڕێوە دەچێت.
پێشتر لیوا بابەکرد فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە گووتبوی: ئەمریکا پێداویستی سەربازی و لۆجستیکی بۆ ١٢ی لیوای نوێی هێزی پێشمەرگە دابین دەکات. ئەوەش دوای یەکخستنەوەی ئەو هێزانە لە چوارچێوەی لێواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.