Skip to main content

ئێران دوو لیوا لە چەکدارانى سوریا لە سنوورى ئیسرائیل جێگیر دەکا

ئێران دوو لیوا لە چەکدارانى سوریا لە سنوورى ئیسرائیل جێگیر دەکا
بەشدارییکردنى کۆمارى ئیسلامی لە جەنگە ناوخۆییەکانى سووریا زیاتر لە ٢٠٠٠ کوژراوی لە دوو بووە
posted onNovember 28, 2018
nocomment

 

سەرچاوە ئیسرائیلەکان ئاشکرایان کردووە "بەرپرسە سەربازییە ئێرانییەکان دواى ئەنجامدانى ڕاهێنانێکى چڕو فراوانی چەند مانگی، کۆتاییان بەدروستکردنى دوو لیواى سووری هێناوە".

 

ئەو سەرچاوەیە بەئاژانسى هەواڵى (ئای ٢٤ نیوز)ـى ئیسرائیلى ڕاگەیاندووە "یەکێک لەو لیوایانە لەنێو قوڵایی سووریا لە نزیک سنوورى هاوبەشى عێراق و سووریا جێگیر کراوەو، ئەوەى دیکەش لەناوچەکانى ڕۆژئاواى ئەو وڵاتە بەئاراستەى سنووری ئیسرائیل جێگیر کراون".

ژمارەى هەر لیوایەکى ئەو هێزە سووریە لە سنوورى ١٠ هەزار کەس دەبێت، کە لە پلەى ئەفسەرو عەریف پێک هاتووەو، بە هەموو چەک و جبەخانەیەک پڕچەک کراون، بەبێ ئەوەى زانیاریی زیاتر لەبارەى جۆرو ئاستى چەکەکان ئاشکرا بکرێن.

کۆمارى ئیسلامی ئێران؛ یەکیکە لەو وڵاتانەى هاوپەیمانییەکى ستراتیژی لەگەڵ ڕژێمەکەى سووریا هەیەو، دەستى لە ململانێیەکانى ئەو وڵاتەش هەیە کە لە ساڵى ٢٠١١ دەستى پێکردووەو، دەیان هەزار کەسیش لە ژن و پیاو مناڵان بوونەتە قوربانی. هاوکات تاران تۆمەتباریشە بە ئەنجامدانى کوشتن و ڕاوەدونانى سەدان خێزانى سووری لە ناوچەکانى خۆیان، بۆ ئەوەى بنەماڵە شێعە نزیک لەخۆی لەو ناوچانە جێگیر بکاتەوە.

لەبارەى سروشتى ئەو هێزەى لە ناوچە ڕۆژئاواییەکانى دیمەشق جێگیر کراون، هاوشێوەى پێکهاتەى سەربازی حزبوڵای لوبنانییە کە یەکێکە لەو میلیشیانەى لەنێو سووریاش دەستى لەو جەنگە دژى نەیارانى ڕژێمی دەسەڵات هەیە. چاودێران بەو ئاژانسە ئیسرائیلیەیان گووتوە "ئەگەری ئەوە هەیە ئەو دوو لیوایە لەسەر خاکی سووریا پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆى هەڵوێستەکانى سەرۆکوەزیرانى حکومەتى تەلئەبیبەوە هەیە، کە دەستى بە حکومەتە هاوپەیمانییەکەى بەستووەو، نایەوێت هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدات".

بنیامین نەتانیاهۆ، ڕەتی کردەوە ئێستا پەنا بۆ هەڵوەشانەوەى کەنیسیت (پەرلەمان) و حکومەت ببات، چونکە بەبۆچوونى خۆی " ڕووداوى لەو شێوەیە بۆ پاراستنى ئاسایشى ئیسرائیل نابێت ڕوو بدەن"، بەبێ ئەوەى زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە پێشکەش بکات، بەڵام لەسەر بەرەکانى جەنگى سووریاش تەلئەبیب، چەندین گورزی دژى هێزە سەربازییەکانى سوپای پاسدارانى ئێرانی داوە، بەبێ ئەوەى تواناى وەڵامدانەوەى ئەو هێرشانەى هەبێت، کە پێگە سەربازییەکانى لە شارەکانى لازقیە و دیمەشق خاپوور کردووە.

بەشدارییکردنى کۆمارى ئیسلامی لە جەنگە ناوخۆییەکانى سووریا بێنرخ نەبووە، بەڵکو زیاتر لە دوو هەزار کوژراوی لەو وڵاتە جێهێشتووە، بەشێکى لە نێو پلە باڵاکانى سوپای پاسداران و، میلیشیا نزیکەکانى تاران بوون لە عێراق، لوبنان و یەمەن و، تەنانەت لە میلیشیا ئەفغانییەکانى ژێر دەستى ئێرانیش لەوێ کوژراون.

سەرچاوە سەربازییەکان ئەوەشیان باس کردووە " کۆمارى ئیسلامی دەستى کردووە بەبڵاوکردنەوەی مەزهەبی شێعەگەرایی لەناوچەکانى باکوورى ڕۆژهەڵاتى سووریا کەدەکەوێتە ژێر دەستى هێزە کوردییەکان کە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتى دەکرێن".