Skip to main content

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى: ڕژێم نەدانى کەلوپەلى پزیشکى وەک ڕێگەیەک بۆ ددانپیانانى ناچارى بەکار دەبات

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى: ڕژێم نەدانى کەلوپەلى پزیشکى وەک ڕێگەیەک بۆ ددانپیانانى ناچارى بەکار دەبات
AvaToday caption
posted onJuly 31, 2020
nocomment

 

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لە بەیاننامەیەک کە ئەمڕۆ بەیانى بڵاوى کردەوە، هەندێک لە پەیوەندى و گفتوگۆکانى سازمانى زیندانەکانى ئێرانى لەگەڵ وەزارەتى تەندرووستى ئاشکرا کرد کە ڕژێمى ئێران لە ناردنى پێداویستى و کەلوپەلى پزیشکى بۆ زیندانەکان بۆ بەرگرتن لە کۆڕۆنا، هەنگاوى هەڵنەهێناوەتەوە.

 

ئەم دامەزراوەیەى بەرگرى لە مافەکانى مرۆڤ، وێنەى چوار نامەى بڵاو کردووەتەوە کە سازمانى زیندانەکان داواى لە دەوڵەت کردووە پێداویستى تەندرووستییان یا پارەى کاشیان بدەنێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا لە نێو زیندانییەکان. لە نێو دوو نامە سکاڵانامە و شکایەتن لە وەزراەتى تەندرووستى، ئەم وەزارەتەى بەوە تۆمەتبار کردووە کە هیچ هاوکارییەک بە سازمانى زیندانەکان ناکردووە.

یەکێک لە نامەکان کە ڕێکەوتى ٢٥ى جۆزەردانە، ڕوو لە جێگرى دەرمانى وەزارەتى تەندرووستى کۆمارى ئیسلامییە و تێیدا هاتووە "سەرەڕاى پەیوەندییە بەردەوامەکان.. و بەدواداچوونە حزوورییەکان تا ئێستا هیچ جۆرە هاوکارییەکى کاش و یا کەلوپەل بۆ کۆنتڕۆڵى نەخۆشى کۆڕۆنا" نەدراوە بە سازمانى زیندانەکان.

نامەى دووەم کە لە ڕێکەوتى ٦ى خاکەلێوە بە پێرست و لیستێک لە کەلووپەلى پێویستى وەک ماسک و دەستکێش و ماددەى گەنبڕ و جلوبەرگى تایبەتى خۆپارێزى نێردراوە بۆ وەزارەتى تەندرووستى، تیایدا هاتووە "تا ئێستا هیچ جۆرە هاوکارییەکى دابینکردنى پێویستییەکانى خۆپارێزى تاکى و ماددەى گەنبڕمان نەکراوە".

دواهەمین نامەش کە بە ڕێکەوتى ١٥ى پووشپەڕ ڕوو لە جێگرى پەرەسەندنى بەڕێوەبردن و سەرچاوە و بەرتامەڕێژى وەزارەتى تەندرووستى نووسراوە و سەرەڕاى دووپاتەکردنەوەى بەدواداچوونەکانى پێشوویان، داوا دەکەن کە دانیشتن و کۆبوونەوەیەکى بەپەلە لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە ئامادەبوونى نوێنەرى ڕێکخراوى زیندانەکان و سازمانى بەرنامە و بودجە لەسەر ئەم پرسە و گوێنەدان بە داواکارییەکانیان بەڕێوە بچێت.

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى دەڵێت کە ئەم نامانە زەنگى مەترسیی "کەمى کەلوپەلى خۆپارێزى تاکى و ماددەى گەنبڕ و کەلوپەل و پێداویستى پزیشکى لە زیندانەکانى ئێران"ـى هێناوەتە دەنگ. ئەم ڕێکخراوەیە لە بەیاننامەکەیدا هاوڕا لەگە بڵاوکردنەوەى ئامارێک لە مەرگ و مردن بە هۆى کۆڕۆناوە لە زیندانەکانى ئێرانى بڵاو کردووەتەوە و لە زمانى گرووپە سەربەخۆکانى مافى مرۆڤەوە نووسیویەتى کە تا ئێستا "زیاتر لە ٢٠ زیندانى گوماناوى بە تووشبوون بە کۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە" کە دووانیان لە زیندانى قزل حەسار بوونە و ٦ کەسیان لە زینداانى ناوەندى تارانى گەورە و دووانیشیان لە زیندانى شارى ڕەى و ٨ کەسیشیان لە زیندانى ورمێ و زیندانییەکیش لە هەر یەک لە زیندانەکانى کامیاران و سەقز و سپیدار بوونە.

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى دەڵێت "وردەکارى ئەم نامانە دژایەتییەکى ئاشکرایان پێوە دیارە بە قسە فەرمییەکانى ئەسغەر جیهانگیرى سەرۆکى پێشووى سازمانى زیندانەکان و ڕاوێژکارى ئێستاى دەزگاى دادوەرى کە پێشتر ئامادەکارى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى کۆڕۆناى بە کارێکى "گەورە" و "بێوێنە" ناوبردبوو.

نەرگس محەمەدى چالاکى مافى مرۆڤ کە بە تۆمەتى "پڕوپاگندەبڵاوکردنەوە دژى نیزام"، لە زیندانى زنجانە، تووشبوونى خۆى و ١١ کەسى دیکەى لە هاوبەندییەکانى بە کۆڕۆنا بڵاو کردەوە. نامەکانى محەمەدى تیایدا هاتووە کە زیندانى زەنجان هیچ جۆرە کەلوپەل و پێویستییەکى پزیشکى تێدا نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى نەخۆشى و کۆڕۆنا.

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى دۆخى زیندانەکانى ئێرانى لە ڕووى پێوستییەکانەوە "بێ بەزەییانە و نائیسنانى" وەسف کردووە و ئاماژەى کردووە بە "کەمى پێویستى هەواگۆڕکێ، ئاودەست و حەمامى پیس و کەم، کەمى کەلوپەل و ماددەى شوشتنى قاپ و جلوبەرگ، کەمى ئاوى خواردنەوە، کەمى و خراپى خواردن و کەمى تەختى خەو".

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى بەرپرسانى ئێرانى تۆمەتبار کردووە کە "بە قەستى کەلوپەل و پێداویستى پزیشکى ناخەنە بەردەستى زیندانیانى سیاسى و عەقیدەتى و گیانیان دەخەنە بەر مەترسیی جدییەوە کە لە هەندێک بواردا، نەهێشتنى سەردانکردنى پزیشک و چاودێرى پزیشکى" وەک سزا و ترساندن و سووکایەتیکردن بە زیندانییەکان بەکار دەهێنن بۆ ئەوەى ددانپیانانى ناچارییان لێ وەربگرن.

 

وێنەى بەیاننامەکەى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى:

ڕێکخراوى لێبوردن

وێنەى نامەکان:

نامەى ١

نامەى ٢

نامەى ٣

نامەى ٥

نامەى ٦

نامەى ٧

 

 

ڕاپۆرت: ڕادیۆ فەردا