![ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی عەباس ئاباد](/sites/default/files/2025-02/photo_2025-02-15_12-12-10.jpg)
ئەندامێکی ئەنجوومەنی گوندی عەباس ئاباد دەڵێت: پرۆژەی گواستنەوەی ئاوی گوندەکانی ناوچەی کۆلیوەند ٣ ساڵە راوەستاوە و لایەنە بەرپرسەکان هیچ وەڵامێکیان پێیان نەداوەتەوە بۆ ئەوەی پرۆژەکە دەست پێبکاتەوە.
ئەو داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکات، پێش ئەوەی وەرزی گەرما دەست پێبکاتەوە، پرۆژەکە دەست پێبکەنەوە بۆ ئەوەی کێشەی ئاوی خەڵکی ناوچەکە چارەسەر ببێت، ئەگینا خراپتر لە ساڵانی رابردوو تووشی قەیران ئاو دەبن.
پرۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەکانی ناوچەی کۆلیوەند سەر بە شاری بەدەرە لە پارێزگای ئیلام ساڵی ١٤٠٠ دەستی پێکرد، بەڵام دوای تەنیا چەند مانگێک پرۆژەکە راوەستا.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی گوندی عەباس ئاباد دەڵێت: درێژایی پرۆژەکە ٨ کیلۆمەترە و بەهۆی ئەوەی کێشەی موڵکداریەتی ئەو زەوییانە چارەسەر نەکرابوو کە پرۆژەکە پێیاندا تێپەڕ دەبوو، پرۆژەکە راوەستا، بەڵام دواتر ئەو کێشەیەش چارەسەر بوو، کەچی پرۆژەکە دەستی پێنەکردەوە.
ئەو دەڵێت: لوولەش بۆ پرۆژەکە دابین کراوە و لوولەکانیش لە شوێنی پرۆژەکەن، بەڵام هەموویان ژەنگیان هێناوە و مەترسیشیان لەسەرە بدزرێن.