بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

چالاکڤانانی ئیلام: حکومەت بۆ سەرکوتکردنی خەڵک شەڕی کۆنی عەشیرەکان هەڵدەگیرسێنێتەوە

مورموری ئیلام
مورموری ئیلام
posted onJanuary 24, 2025
noبۆچوون

لە نێوان خەڵکی گوندی هەزارانی و خەڵکی مورموری لە پارێزگای ئیلام لەسەر زەوی کشتوکاڵ شەڕ روویدا، چالاکڤانانی ئیلامی حکومەت تۆمەتبار دەکەن کە لەم رێگەیەوە هەوڵی سەرکوتکردنی عەشیرەکانی ئەو ناوچەیە دەدات.

رۆژی ٤ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە رێگای جونسو لە نێوان عەشیرەکانی گوندی هەزارانی و خەڵکی مورموری شەڕێکی گەورە روویدا، بەڵام کوژراوی لێنەکەوتەوە.

شەڕی ئەو دوو لایەنە لەسەر زەوییەکانی ناوچەی "جاڕ"ە، کە لە سەردەمی حکومەتی پاشایەتیدا بە عەشیرە کوردەکانی گوندی هەزارانی دراوە و لەلایەکی دیکەشەوە عەشیرەی "کایەردە" دەڵێن ئەوانە زەوی ئێمەن.

چەند ساڵێک بوو شەڕ و ناکۆکی ئەو دوو لایەنە راوەستابوو، بەڵام دوای ئەوەی لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ئاودانان و مورموری ناڕەزایەتی گەورە هاتە ئاراوە، چالاکڤانانی ئیلامی پێیان وایە، حکومەت بۆ سەرکوتکردنیان پەنای بردووەتەبەر ئاژاوەنانەوە و پێکەوە بەشەڕدانی ئەو عەشیرانە.

ساڵی ١٣٧٢ لە شەڕێکی نێوان ئەو عەشیرانەدا ٢ کەس کوژران، ئەو کات دوو لایەن رێککەوتنیان واژۆ کرد کە نەچنە ناوچەی جاڕ، بەڵام ئێستا خەڵکی مورموری تۆمەتبار دەکرێن کە پابەندی رێککەوتنەکە نین.