رفتن به محتوای اصلی

نەتانیاهۆ: ئاگاداری مانۆڕەکانی ئێرانین و هەر هێرشێک وەڵامی توندی دەبێت

نەتانیاهۆ: ئاگاداری مانۆڕەکانی ئێرانین و هەر هێرشێک وەڵامی توندی دەبێت
posted onDecember 23, 2025
noدیدگاه

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چاودێری "مانۆڕە سەربازییەکانی" ئەم دواییەی ئێران دەکات و هۆشداریی دایە تاران لە ئەنجامدانی هەر هەنگاوێک دژی ئیسرائیل. هاوکات لە نێوان میدیاکانی ناوخۆی ئێراندا زانیاریی دژبەیەک لەسەر تاقیکردنەوەی مووشەکی بڵاو دەکرێنەوە.
ڕۆژی دووشەممە بنیامین نەتانیاهۆ ڕایگەیاند: "ئێمە چاودێری ئەم بابەتە دەکەین و ئامادەکاریی پێویستمان کردووە." نەتانیاهۆ جەختی کردەوە و گوتی: "دەبێت بۆ ئێرانی ڕوون بکەمەوە، هەر کارێک دژی ئیسرائیل بە وەڵامێکی زۆر توند ڕووبەڕوو دەبێتەوە."
ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە ئاژانسی "فارس"ی نزیک لە سوپای پاسداران، بڵاوی کردەوە کە بەپێی ڕاپۆرتی هاووڵاتییان، تاقیکردنەوەی مووشەکی لە شارەکانی خوڕماوا، مەهاباد، ئەسفەهان، تاران و مەشهەد ئەنجام دراوە. بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک، ئاژانسی فەرمیی دەنگ و ڕەنگی ئێران (تەلەفزیۆنی دەوڵەت) ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ هیچ تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی ئەنجام نەدراوە و ئەو هێڵە سپیانەی لە ئاسمان بینراون، شوێنەواری تێپەڕبوونی فڕۆکە بوون لە بەرزییەکی زۆردا."
هەروەها ماڵپەڕی "نورنیوز"ی نزیک لە عەلی شەمخانی، ڤیدیۆی هەڵدانی مووشەکی بڵاوکردەوە، بەڵام ئاماژەی بە کات و شوێنەکەی نەکرد.
زیادبوونی ئەم گرژییانە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی نەتانیاهۆ بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا. بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی (NBC)ی ئەمریکی، نەتانیاهۆ پلانێک دەخاتە بەردەم تڕەمپ کە بژاردەکانی هێرشکردنە سەر ئێران لەخۆدەگرێت.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئێران خەریکی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و نۆژەنکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییە، کە لە هێرشەکانی پێشوودا زیانیان بەرکەوتبوو.