رفتن به محتوای اصلی

منداڵێکی چوار ساڵان لە ئیلام دوای وەرگرتنی ماددەی بێهۆشکەر گیانی لەدەستدا

ئیلام
کیان، تەمەن ٤ ساڵ، بەهۆی دوای بێهۆشکردن گیانی لەدەستدا
posted onApril 18, 2025
noدیدگاه

منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان بە ناوی کیان، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی شاری ئیلام، دوای وەرگرتنی ماددەی بێهۆشکەر (بەنج) بۆ مەبەستی چارەسەری ددان، گیانی لەدەستدا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، منداڵەکە تووشی هەستیاریی توند (شۆکی ئانافیلاکتیک) بووە.

بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕوویداوە. دکتۆر ستار میرزایی، سەرۆکی نەخۆشخانەی قائیم، ڕایگەیاندووە کە منداڵەکە بەپێی پڕۆتۆکۆڵ پێویستی بە بەنج هەبووە، بەڵام دەستبەجێ دوای وەرگرتنی دەرمانی بێهۆشکەر، نیشانەکانی هەستیاریی لێدەرکەوتووە.

دکتۆر ستار میرزایی، سەرۆکی نەخۆشخانەی قائیم کە منداڵەکەی تێدا چارەسەر وەردەگرت، ڕایگەیاند کە منداڵەکە بەپێی پڕۆتۆکۆڵ پێویستی بە بێهۆشکردن هەبووە، بەڵام دەستبەجێ دوای وەرگرتنی دەرمانەکە، نیشانەکانی هەستیاریی توندی لێدەرکەوتووە. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم جۆرە کاردانەوەیە بەرامبەر بە ماددەی بێهۆشکەر "زۆر دەگمەنە" و ئامارەکان ئاماژە بە ئەگەری ڕوودانی کەمتر لە یەک حاڵەت لە ملیۆنێکدا دەکەن.

لە کاردانەوەیەکدا، عەبدولوەهاب بەخشەندە، داواکاری گشتیی ئیلام، ڕایگەیاند کە دەزگای دادوەری بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکات و هەوڵ دەدات بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکان و پاراستنی مافی بنەماڵەی منداڵە کۆچکردووەکە. بەخشەندە وتیشی: "ئەگەر سکاڵا لەلایەن کەسوکاری منداڵەکەوە تۆمار بکرێت، دۆسیەکە دەنێردرێت بۆ شارەزایان و کۆمیسیۆنی پزیشکی، وە ئەگەر کەمتەرخەمیی پزیشکی بسەلمێندرێت، بێ گومان ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر."

دۆسیەی گیانلەدەستدانی کیان ئێستا لەلایەن پزیشکیی دادوەریی ئیلامەوە کاری لەسەر دەکرێت بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکیی مردنەکە و بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە دەدات.