تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

بریکارەکانى کۆمارى ئیسلامى کەوتوونەتە هەڕەشە

بریکارەکانى کۆمارى ئیسلامى کەوتوونەتە هەڕەشە
AvaToday caption
posted onJanuary 3, 2020
noتعليق

 

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکی ئەمریکادا کوژراوە. هێرشەکە دوو ئۆتۆمبێلی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردووەتە ئامانج. پێنتاگۆن و سوپاى پاسداران و حەشدی شەعبی و دونیا و بینا هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە و ئەوەشیان ڕاگەیاند کە هاوکات مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییش کوژراوە. ئەمریکا دەڵێت، قاسم سولەیمانی بەرپرسبووە لە هێرشەکەی حەشدی شەعبی بۆ سەر بنکەی سەربازیی کەی وەن لە کەرکووک و خۆپیشاندانەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێى هەواڵى بڵاوکراوەى واشنتۆن پۆست، قاسم سولەیمانى هەر لە فڕۆکەخانەى تارانەوە لە ژێر چاودێریدا بوو. سەرچاوەیەکى ئاگادارى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا، لەسەر ئۆپەراسیۆنى کوشتنى گەورە تیرۆریست قاسم سولەیمانى بە واشنتۆن پۆستى گوتووە کە "لە مێژ بوو قاسم سولەیمانیمان لەژێر چاودێری دانابوو. هەموو جووڵەکانیمان لەژێر چاودێرى دانابوو. چونکە دەستى لە تیرۆرکردن و هێرشکردنە سەر ئەمریکایی و هاوپەیمانەکانى هەبوو. کاتێک کە هاتە بەغدا، پێمان زانى. هەر بۆیە کاتژمێر ١:٢٠ خوولەک بە مووشەکى لەیزەرى بە هۆى پەهپادێکەوە هێرشمان کردە سەرى."

عەلى خامنەیی ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى بەیاننامەى لەسەر کوژرانى قاسم سولەیمانى لە لایەن ئەمریکاییەکانەوە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە "تۆڵەیەکى قورسى دەکەینەوە"، هەر لەبەر ئەوەش سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى بۆ یەکەم جار کرد.

 

بریکارەکانى کۆمارى ئیسلامى لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست چییان گوت:

حەسەن نەسروڵا:

سەید حەسەن نەسروڵا ڕابەرى حیزبوڵاى لوبنان بە پەیمێک سەرەخۆشى لە خۆى و گەلى لوبنان و ئێران و موسڵمانانى دونیا کرد و گوتى "ئاواتەخوازى بەم شەهیدبوونە گەورەیە دەخوازم. ئێمە ماوینەتەوە و ڕێگەى ئەو درێژە پێ دەدەین."

موقتەدا سەدر:

موقتەدا سەدر سەرۆکى ڕەوتى سەدر و سەرۆکى لیستى سائیروون سەرەخۆشى لە کوژرانى گەورە تیرۆریست قاسم سولەیمانى کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە پێشێلى چوارچێوە و سەروەرى عێراقە و هەڕەشەى لە ئەمریکییەکان کرد و تەنانەت هێزەکانى خۆشى کردە ئامادەباشییەوە.

عەمار حەکیم:

عەمار حەکیم سەرۆکى ڕەوتى حیکمەى عێراقیش کە لە ئێران خوێندوویەتى و بە یەکێک لە کرێگرتەکانى کۆمارى ئیسلامى دادەنرێت، سەرەخۆى لە خۆى و گەلى عێراق و ئێران و موسڵمانان کرد و کوژرانى سولەیمانى بە خەسارێکى گەورە زانى.

عادل عەبدولمەهدی

عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی ڕایگەیاند: بەتووندترین شێوە ئیدانەی ئەو کارە دەکەم، ئەمە کارێکی دووژمنکارانەیە و دژ بە سەروەری عێراقە، ئەم هێرشەی ئەمریکا پێشێلی ئەو رێککەوتنە دەکات کە رێگەیداوە بەبوونی هێزی ئەمریکی لە عێراق.

 عەبدولمەهدی ڕاشیگەیاند:

ـ بە تووندترین شێوە ئیدانەی تیرۆرکردنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی و کەسایەتی عێراقی و ئێرانی دەکەین لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو دوو شەهیدە دوو سیمبوولی گەورەی سەرکەوتنبوونە بەسەر داعش.

ـ تیرۆرکردنی فەرماندەیەکی سەربازیی عێراقی پەلاماردانە بۆ سەر دەوڵەت و حکومەت و گەلی عێراقی، لەنێوربردنی سەرکردە عێراقییەکان یاخود وڵاتێکی دراوسێ دۆست کە پۆستێکی فەرمی هەیە لەسەر خاکی عێراق، ئەمە پێشلکردنێکی روونی سەروەری عێراقە، ئەمەش ئاگری شەڕێکی لەنێوبەر لە عێراق و ناوچەکە و جیهان خۆش دەکات.

 ـ بە فەرمی داوامان کردووە پاڵپشت بە ماددەی ٥٨ى دەستوور کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت لەبارەی هەڵوێستێکی فەرمی عێراق و دەرکردنی بڕیار و یاسا و ئەنجامدانی رێوشوێنی پێویست کە شکۆ و ئارامی و سەروەریی عێراق بپارێزێت.

 

شایەنى باسە ئەمڕۆ بەیانى کاتژمێر ١:٢٠ خوولەکى بەرەبەیان، ئەمریکا بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و بە لەیزەر هێرشى کردە سەر دوو ئۆتۆمبێل لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا و ئەم کەسانەى تێدا کوژرا:

١. حاجى قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى پاسداران

٢. ئەبوو مەهدى موهەندیس سەرۆکى حەشدى شەعبی سەر بە سوپاى پاسداران

٣. سامر عەبدوڵا زاواى تیرۆریستى کوژراو عیماد موغەنییە

٤. زاواى قاسم سولەیمانى

٥. محەمەد ڕەزا جابرى بەڕێوەبەرى تەشریفات و پەیوەندییەکانى حەشدى شەعبی لە فڕۆکەخانە

٦. حەسەن عەبدولهادى ئەندامى باڵاى حەشدى شەعبی

٧. محەمەد ئەلشیبانى ئەندامى باڵاى حەشدى شەعبی

٨. حەیدەر عەلى ئەندامى باڵاى حەشدى شەعبی