تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

بەرپرسانی گەندەڵ و بانگەشەی بەرخۆدان

بەرپرسانی گەندەڵ و بانگەشەی بەرخۆدان
AvaToday caption
posted onMay 13, 2019
noتعليق

 

وتەکانی موحەممەد بەتحایی وەزیری پەروەردە و ڕاهێنانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەشداری قوتابیان لە شەڕدا، لەئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دژکردەوەی زۆری بەدوادا بوو.  بەتحایی پێشتر گوتبووی: ئێمە ۱٤ ملیۆن قوتابیمان هەیە کە ئەگەر پێویست بێت وەکوو سەردەمی شەڕی عێراق دێنەپێشەوە و بۆ ئامانجەکانی شۆڕشەکەمان گیان بەختدەکەن.

 

ئەنجومەنی سنفی مامۆستایان  لەنامەیێکدا دژبە قسەکانی بەتحایی ڕاوەستان و گوتوویانە: گیانبەختکردن بڕوای قووڵ و متمانەی ئەوێ. جیاوازی نێوان کردەوە و قسەی بەرپرسان هیچ بڕوایێکی بۆ بەرەی نوێ نەهێشتووتەوە. ئەو ئامانجانە وا ئێوە قسەی پێوەدەکەن پاش شۆڕشی ٥۷ بووە پلیکانێک تا کەسانێک وەکوو ئێوە بە هاسانی و بۆ ژیانی شاهانە لێوە بچنەسەرەوە. لەکۆتاییشدا داوایان لە وەزیری پەروەردە و ڕاهێنان کردووە کە بۆ دەسپێک گرینکارتەکانی خۆی و بنەماڵەکەی بەتاڵ بکاتەوەو بۆ گیانبەختکردن لەپێناو ئەو ئامانجانەی کە گوتوویە، ئامادە بن.

ئەم قسانەی بەتحاییە لە کاتێکدا بوو کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش ڕێگای بە کچە سووتاوەکانی دروودزەن نەدا بچنە ژوورەکەی و بە هێزەئەمنییەکانی گوت لەم وەزارەتە دەریان بکەن. بەوتەی خۆی بە ئانقەست ڕێژەی قوتابیانی ئالوودە بە مادەهۆشبەر ڕانەگەینێت نەک دان بە شکستی سیاسەتەکانی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی بهێنن. بەلووچستان بووەتە وڵاتی قوتابخانەی کەپری و سەدان کەمتەرخەمیتر کە لەلایەن ئەم وزارەتخانەوە تووشی چینی قوتابی ئێران بووە.

بەتحایی

هەر بەم بۆنەوە ئەنجومەنی پاڵپشتی لە مافی منداڵان لە درێژەی دژکردەوەکان بە قسەی بەتحایی ، لە نامەبێکدا بەم وەزیرەیان گوت: ئەو خەسارانەی وا بەبۆنەی کردەوە هەڵەکانی  دامەزراوەی پەروەردەو ڕاهێنان لە درێژەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ لێکۆڵینەوەیێکی کۆمەڵناسانە ، بە قوتابیانیان گەیشتووە ، ساڵەها دەرفەت و کاری ماندوو نەناسانەی ئەوێ تا قەرەبوو بکرێتەوە کەچی لەم دۆخەدا باسی خۆشی و سەمای چەن قوتابی منداڵ هەمووتانی تۆڕەکردووەو بە دوای تاوانبار بۆی دەگەڕێن. کەوایە  داواتان لێدەکەین بە دوای تاوانبارانی ئالوودەکردنی قوتابیان بەمادەهۆشبەرەکانیش بگەڕێن.

ئەم ئەنجومەنە لەدڕێژەی نامەکەدا بە بەتحاییان گوتووە: قسەکانی ئێوە سەبارەت بە گیانبەختکردنی ۱٤ ملیۆن قوتابی لە جەرگەی شەڕدا ، ئەگەر تەنانەت بۆ پەیام ناردن بۆ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بێت، نەک هیچ سوودێکی بۆ دۆخی ئەمڕۆ و پەروەردە و ڕاهێنان نییە ، بەڵکوو پەرە بە ئەو بیر و هزرانە لەم دامەزراوە ئەدەن کە هیچ پێوەندییەکی بەم چینە لە کۆمەڵگاوە نییە و ئێوە مافی ئەوەتان نییە بە نوێنەرایەتی لە ۱٤ ملیۆن ئینسان و قوتابییەوە قسەبکەن.

پێڕانەگەیشتن بە دۆخی قوتابخانەکانی ناوچە لافاولێدراوان کە ئێستاش یان لەبن ئاون و یان بەتەواوی ڕووخاون، گرنگی نەدان بە دۆخی ئابووری مامۆستایان و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی قوتابیان کە ئامارەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیشان لە خراپبوونی دۆخەکە ئەدا ، هەمووی ئەمانە لە گەڵ قسەکان و چاوەڕوانی وەزیری پەروەردە و ڕاهێنان بۆ قوتابیان نەک هاوئاهەنگی نییە بەڵکوو تۆڕەبوونی زیاتر و دژڕاوەستانی زۆرتری ئەم چینەی لەئاست سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی بە دوای خۆیدا هێناوە.

منداڵى شەڕ