تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان: ئاوی خواردنەوەی مەریوان هەزاران کەسی رووبەڕووی نەخۆشیی جۆراوجۆر کردووەتەوە

شاری مەریوان
شاری مەریوان
ئاوی خواردنەوەی بەشێک لە شاری مەریوان لە بەنداوی گاڕانەوە دابین دەبێت و بەگوتەی رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، بەنداوەکەش ئاوەڕۆ و پاشەڕۆی ئاژەڵی ١٣ گوندی تێدەڕژێت و ئەمەش مەترسیی بۆ سەر خەڵک دروست کردووە.
posted onJanuary 12, 2025
noتعليق

رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری مەریوان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن، ئاوی خواردنەوەی ئەم شارە بەهۆی گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی گاڕانەوە پیس دەبێت و ئەمەش مەترسیی لەسەر تەندروستی دانیشتوانی ئەو شارە دروست کردووە.

بەپێی راگەیەنراوی ئەو رێکخراوانە، کە رۆژی شەممە بڵاویان کردەوە، ئاوەڕۆ و پاشەڕۆی ئاژەڵی ١٣ گوند دەڕژێتە نێو بەنداوی گاڕان و چونکە پاڵاوگەیەک نییە کە بتوانێت هەموو ئەو ئاوەڕۆ و پاشەڕۆیە بپاڵێوێت، ئاوی خواردنەوەی ٥٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی مەریوان، بۆ خواردنەوە ناشێت.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆرجاران خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە ئاوی خواردنەوەیان رەنگی دەگۆڕیت یان بۆنی دێت، بەڵام بەگوتەی ئەو رێکخراوانە لە ئاستی شار، پارێزگای سنە و تەنانەت لە ئاستی سەرتاسەریشدا وەڵامیان نەداونەتەوە.

لەو راگەیەنراوەدا هاتووە، رۆژانە نزیکەی ١٠ هەزار تۆن پاشەڕۆی ئاژەڵ و زیاتر لە سەت تۆن ئاوی پیسی زێراب دەڕژێتە بەنداوی گاڕانەوە.

تاوەکوو ٣ ساڵ لەمەوبەر ئاوی مەریوان لە بیرئاوەکانی نزیک ئەو شارەوە دابین دەبوو، بەڵام لەبەر زیاتربوونی ژمارەی دانیشتوان و بەکارهێنانی زیاتری ئاو، ئیدارەی ئاوی مەریوان ئاوی بەنداوی گاڕانی بۆ شار گواستەوە.

ئەو رێکخراوانە داوا دەکەن، پاڵاوگەیەک بۆ پاڵاوتنی ئاوی مەریوان دابینبکرێت، چونکە ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، تەندروستیی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی وەک شێرپەنجە، نەخۆشییە کۆئەندامی هەرس و... بەرۆکی خەڵک دەگرن.