سێشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، سەمیرا مورادپور بە ھۆی ڕانەگەیاندراو لە بەندیخانەی ناوەندیی هەولێر ئازاد کرا و پاش ئەوەی ڕادەستی کاربەدەستانی کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە هەولێر کرا، بۆ شاری سلێمانی ڕاگوێزرا و پاشان ڕەوانەی ئێران كراوە.
هەواڵی ئازادکرانی ئەم مۆرە تیرۆریستەی کۆماری ئیسلامی لە هیچ ڕاگەیاندنێکی سەر بە کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ھەرێمی كوردستان بڵاو نەبووەتەوە.
دادگای هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خاکەلێوە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەمیرا مورادپور تیرۆریستی بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تیرۆری عەلی جەوانمەردی، هاووڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕۆژنامە نووسی سەربەخۆ، مەحکووم کردبوو.
سەمیرا مورادپور سەرنووسەری حەوتونامەی «ڕۆژمان» لە سنە لەگەڵ تیمێکی ئیتلاعاتی سنە و ئیتلاعاتی تاران بە گوێرەی پیلانێكی تۆكمە ویستبویان خۆیان لە عەلی جەوانمەردی ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ نزیک بکەنەوە و پاشان تیرۆری بکەن.
تیمی پاراستنی ئەمنیەتی عەلی جەوانمەردی، ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، تۆڕی تیرۆری سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان شناسایی كرد و پێشیان لە دەربازبونی سەمیرا مورادپور گرت و ڕادەستی ئاسایشی هەولێریان کرد.
وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، گوشارێکی یەکجار زۆریان خستە سەر هەرێمی کوردستان هەتا ئەم تیرۆریستە ئازاد بکرێت.
میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە ترسی گوشار و هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران، هەواڵی دەستبەسەرکردن و ھەروەھا هەواڵی ئازادکرانی ئەم تیرۆریستەیان بڵاو نەکردووەتەوە.