تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

لەسەر راسپاردەى ئێران، قەتەر ناوبژیوانى نێو شیعەکان دەکات

لەسەر راسپاردەى ئێران، قەتەر ناوبژیوانى نێو شیعەکان دەکات
posted onFebruary 23, 2022
noتعليق

ئالۆزییەکانى نێوان ڕەوتى سەدر و چوارچێوەى هەماهەنگی نێو هێزە شیعەکانى عێراق بەرەو قۆڵبوونەوەی زیاتر هەنگاو دەنێت و سەرچاوەیەکى سیاسیی ئەو وڵاتەش ئاشکراى دەکات " قەتەر، ئێستا کە پێشوازی لە سەرۆککۆمارى ئیسلامی ئێران دەکات، بەنیازە بێتە سەر هێڵى نزیکبوونەوەى لایەنە ناکۆکەکانى بەغدا".

ئیبراهیم رەئیسی، کە بە سەردانێکى فەرمیی بۆ بەشداریکردن لەکۆڕبەندی وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانى غاز لە دەوحەیە و تاوتوێی پرسی عێراق و هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەى ئەو وڵاتەى لەگەڵ میری قەتەر کردووە.

پەیوەندییە دیپلۆماتیەکانى دەوحە و تاران و هێزە شیعەکانى عێراق، لەئاستێکى باڵادایە و لە دواى ئاشتبوونەوەى وڵاتانى کەنداویش لەکانوونى دووهەمی ٢٠٢٠ ـەوە، هەوڵدەدرێت رۆڵێکى هەرێمایەتى زیاتر بگێرێت.

سەرەڕاى ئەوەى هیچ زانیارییەکى فەرمیی لەنێوان وڵاتى مێوان و سەردانیکەر هیچ لێدوانێک لەبارەى ئالۆزییەکانى نێوان سەدرییەکان، کەخاوەنى ٧٣ کورسیی پەرلەمان و فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا کە ئەویش توانیویەتى ٣٣ کورسی لەکۆى ٣٢٩ کورسی بەدەست بهێنن، نەدرکێنراوە، بەڵام میدیا ناوخۆییەکانى بەغدا سەرە داوەکەیان ئاشکرا کردووە.

هەرچەندە تاران لە ماوەى رابردوودا ئیسماعیل قائانی، رێبەرى سوپاى قودسی راسپارد بۆ ئەنجامدانى ناوبژیوانى نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی، بۆ تێپەراندنى حکومەتى نوێ، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانى شکستى هێنا، لەوەى سەدر رازی بکات لەبەشداریی کردنى مالیکی، یاخود چوارچێوەى هەماهەنگی ڕازی بکات لەدوورخستنەوەى مالیکی.

ئاژانسێکى ناوخۆیی بەغدا لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکى خۆیەوە باسى لەوە کردووە " چاوەڕوان دەکرێت وڵاتێکى عەرەبی بێتە سەر هێڵى ناکۆکییەکان و هەوڵى هێورکردنەوەى دۆخەکە بکە".

بەگووتەى شەفەق نیوز، ئەو وڵاتەش قەتەرە.

دەوحە لەهەوڵى ئەوەیە تێروانینی هەردوو هێزە ناکۆکەکەى شیعەکان، کەزۆربەیان لایەنگری رژێمى ئێرانن، لەسەر دەسەڵات شەڕیانە لەیەک نزیک بکاتەوە و لەهەمان کاتیش قەتەر فشارێکى زۆری خستۆتە سەر سەدر بۆ ئەوەى لەهەوڵەکانى بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى زۆرینە پاشگەز ببێتەوە و رێگە بەبەشداریی کردنى چوارچێوەى هەماهەنگی بکات لەحکومەتى داهاتوو.

ئەو زانیارییانەش لەکاتێکدایە مالیکی بەهەماهەنگی هاوپەیمانەکانى لەهەوڵی ئەوەدایە دەرئەنجامە کۆتاییەکانى هەڵبژاردنەکانى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ هەڵگەرێنێتەوە و بتوانن گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى دروست بکەن.

جموجۆڵەکانى لایەنگرانى ئێران هێما بەوە دەکەن بزوتنەوەیەکى نوێیان لەنێو هێزە سیاسییەکانى سوننەو کوردەکان دروستکردووە و ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەى کورسییەکانیان لەنێوان ١٣٠ بۆ ١٤٠ کورسی بەرز ببێتەوە.

بڕیاریشە لەم چەند رۆژە ناوی سەرجەم ئەندامانى ئەو هاوپەیمانیە بڵاوبکرێنەوە، کە بەگووتەى خۆیان چەندین پەرلەمانتاری سەربەخۆی تێدایە.

چاوەڕوانیش دەکرێ لەم  نزیکانە لەرێگەى هادی عامری، رێبەرى هاوپەیمانى فەتح کە لەم هەڵبژاردنە پاشەکشێیەکى بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانى بخرێنە ڕوو.

باسیان لەوەشکردووە " لەدرێژەى جموجۆڵە سیاسییەکانیان دەگەنە ئاستى دوو لەسەر سێی رێگەپێدراوی پەرلەمان بۆ تێپەراندنى کاندیدی سەرۆککۆمارو پێکهێنانى حکومەتى نوێی بەغدا".

بەو شێوەیە دیسان گفتوگۆی چارەسەر نەکراوى "کێ خاوەنى گەورەترین فراکسیۆنە"، لەنێو پەرلەمان دروست دەبێت، کە یەکەم رۆژى کارى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەنێوان سەدرییەکان و هێزە شیعەکان دروست بوون.

عائید هیلالی، سەرکردەى هاوپەیمانى فەتح لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئاشکراى کردووە " ئەگەر هەموو هەوڵەکان بەم شێوەیەى ئێستا شکستى هێنا لەرێکخستنەوەى نێوماڵى شیعەن ئەوا چوارچێوەى هەماهەنگی بەرەو هەنگاوی فراکسیۆنى گەورەتر دەچێت، کە بەلایەنى کەمەوە خاوەنى ١٣٣ کورسی پەرلەمانە".

گووتیشى " لێکگەیشتن لەنێوان چوارچێوەى هەماهەنگی و هێزەکانى دەرەوە لەنێو سوننە و کورد و سەربەخۆییەکان دروستبووە، بۆ ئەوەى بەشداریی هاوپەیمانى ستراتیژی بکەن بەناونیشانى هاوپەیمانى جێگیر و سەرەتاش مالیکی سەرۆکایەتى دەکات".

جەختی لەوە کردەوە " ئەو پرسە دواخراوە بۆ ئەوەى بزانرێت گفتوگۆ و ناوبژیوانیەکانی قەتەر لەگەڵ ڕەوتى سەدر دەگاتە کوێ".