رفتن به محتوای اصلی

هرانا: زیاتر لە 4 هەزار کەس لە پێکدادانەکانی ئێراندا کوژراو و بریندار بوون

ئێران
posted onJune 22, 2025
noدیدگاه

ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هرانا) ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراو و بریندارە سڤیل و سەربازییەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا گەیشتووەتە لانیکەم ٤,٢٦١ کەس. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەو ژمارەیە ٨٦٥ کەس کوژراون و ٣,٣٩٦ کەسی دیکە بریندار بوون.

هرانا ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ناحکومییەکان ئامادە کراوە.

بەڵام بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تاوەکو رۆژی 21.06.2025 لە شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا 430  کەس کوژراون و 3 هەزار و 500 کەسیش بریندار بوون.

لە وردەکاریی ئامارەکەدا، هرانا ڕوونیکردووەتەوە کە ٣٦٣ هاوڵاتیی سڤیل کوژراون و ١,٥٢٥ کەسی دیکە بریندار بوون. هەروەها، ٢١٥ ئەندامی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و ٢٣٣ی دیکەشیان بریندار بوون.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە دەڵێت، چارەنووسی سەربازی یان سڤیلبوونی ٢٨٧ کوژراو و ١,٦٣٨ برینداری دیکە هێشتا نادیارە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بەردەوامە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی هرانا، لە ماوەی ٩ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢٤٣ هاوڵاتی بە تۆمەتی "چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی بابەت لەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران" دەستگیر کراون.

لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتای دەستپێکردنی پێکدادانەکانەوە تا ئێستا، ٢٥ پارێزگای ئێران کراونەتە ئامانج.