تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئەوروپا لەگەڵ دۆسیەی تیرۆری ئێران چ دەکات؟

ئەوروپا لەگەڵ دۆسیەی تیرۆری ئێران چ دەکات؟
دەوڵەتە ئەوروپییەکان خەریکى وەرگرتنى هەڵوێستى جدین لەسەر کۆمارى ئیسلامى
posted onNovember 1, 2018
noتعليق

 

دوای هەوڵە تیرۆریستییەکانی ئێران لە فەڕانسە و هوڵەندا، ئەوجار دانیماڕک ناوەندێکی دیکە بوو بۆ ئابڕووچونی کۆماری ئیسلامی.

 

لە کاتێکدا ٥ ڕۆژ ماوە بۆ دانانی گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر ئێران ئەو تاوانە قورسەی دانیمارک خستیە پاڵ کۆماری ئیسلامی لەمەڕ هەوڵەکانی بۆ تیرۆری دژبەرانی لە خاکی ئەو وڵاتە دەسەڵاتدارانی ئێرانی خستۆتە دۆخێکی دژوارەوە.  دوابەدوای تاوانبارکردنی کۆماری ئیسلامی لە لایەن وڵاتی دانیماڕکەوە بۆ ئەوەی هەوڵی تیرۆری دژبەرانی لە خاکی دانیمارک دەدات، ئاندرێس سامۆئێلسۆن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باڵیۆزی دانیمارکی لە تاران کشاندەوە و ڕاشیگەیاند هاوڕێ لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستانیان بە تایبەت لە نێو یەکیەتی ئەوروپا خەریکی دانووسانن بۆ ئەوەی گەمارۆی نوێ بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی.

سەرۆکوەزیرانی وڵاتی دانیمارک لە دانیشتنی ڕێبەرانی باکوری ئەوروپا لەگەڵ ترێزا مێی ڕایگەیاندبوو کە دانیمارک لە پەنا بەریتانیا سوورن لەسەر ئەوەی گوشاری زۆرتر بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی. مایک پەمپئۆش سەبارەت بە هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆری دژبەرانی لە دانمارک لە کاردانەوەیەکی خێرادا وێڕای پشتیوانی لە دانیمارک و پیرۆزبایی کردن لەو وڵاتە لە مەڕ دەستبەسەرکردنی ئەو تیرۆریستە ئێرانییە گووتبوشی ئەوروپا ماوەی ٤٠ ساڵە ئامانجی هیڕشی تیرۆریستی ئەو کەس و گرووپانەیە کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان دەکات. هەروەها ڕایگەیاندبوو ئێمە داوا لە هاوپەیمانانی خۆمان دەکەین کە کاردانەوەیان هەبێت لە دژی هەوڵە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی.

کۆماری ئیسلامی لەو هەوڵە نوێیەیدا ئامانجی ئەوە بووە لە دانیمارک سێ کەس لە ئەندامانی ئۆپۆزۆسیۆنی وڵاتەکەی کە یەکیان حەبیب جوبەیر چالاکڤانی عەرەب بووە، تیرۆر بکات.

 

دانیمارک سوورە لەسەر زیاترکردنی گەمارۆکانی ئێران

ئاندرێس سامۆئێلسۆن لە کاتی بانگکردنی مورتەزا مورادیان باڵیۆزی ئێران لە دانیمارک پێی ڕاگەیاندووە ئەو پرسە بۆ ئەوان زۆر گرینگە و ناتوانن ئەو هەوڵەی هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە هێند وەرنەگرن و گوتبوشی داوای گەمارۆی زیاتر دەکات بۆ سەر ئێران. لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی ئەو هەڵوێستانەی دانیمارکی بە موغریزانە لێکداوەتەوە و دەڵێ ئەوە پیلانێکی دوژمنکارانە لە دژی ئێرانە.

 

ئەلاهوازیە ئامانجی پیلانە تیرۆریستییەکەی ئێران بووە

فین بورخ ئەندێرسۆن سەرۆکی دەزگای زانیارى دانیمارک دەڵێ ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵەکەی کوشتنی سێ چالاکوانی ئەندامی بزووتنەوەی ئەلاهواز بووە و ڕاشیگەیاندبوو کە دەزگای ئەمنیەتی سوید و نۆڕوێژ لەو پێوەندیەدا هاوکاری دەزگا ئەمنیەتییەکانی دانیمارکیان کردووە.

 

یەکیەتی ئەوروپا لە هەوڵە تیرۆریستییەکانی ئێران دەکۆڵێتەوە

دوابەدوای داخوازی دانیمارک لە یەکیەتی ئەوروپا بۆ دانانی گەمارۆی زیاتر لەسەر کۆماری ئیسلامی دۆسیەی تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوو وڵاتی فەڕانسە و هوڵەندا و ئێستاش لە دانیمارک دەچنە نێو بەرنامەی کاری بروکسێل.

 

کۆماری ئیسلامی توشی میکۆنوسێکی دیکە دەبێتەوە؟

٢٦ساڵ دوای ئەوەی تیرۆرکرانی سادق شەڕەفکەندی لە ڕێستۆڕانی میکۆنوسی ئاڵمان بە دەستی تیرۆریستانی ڕاسپێردراوی دەسەڵاتدارانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بوو و ئەو ئاشکرابوونە بووە هۆی ئەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی باڵیۆزخانەکانی خۆیان لە ئێران دابخەن و پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕێنن، ئەوە دووەم جارە کۆماری ئیسلامی دەکەوێتەوە قۆناغێکی لەو چەشنە و خاوەن ڕایان پێیان وایە ئەگەر سەودایەکى گەورە نەکرێت ئەوە فازی دووەمی لەشەرعیەتکەوتنی دەزگا دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێت و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەوندەی دیکەش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەریک دەکرێتەوە.