تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

پنتاگۆن: ٥ بۆ ١٠ هەزار سەربازی نوێ دەنێرینە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پنتاگۆن: ٥ بۆ ١٠ هەزار سەربازی نوێ دەنێرینە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
AvaToday caption
posted onMay 24, 2019
noتعليق

 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران تەمایان هەیە پێنج بۆ دە هەزار سەربازی نوێ بنێرن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گەڵاڵەکانی بەهێز کردنی پێگەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ بڕیاردانی یەکجاری ئاراستەی کۆشکی سپی کراون.

 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندووە لە چوارچێوەی هەوڵێکی تەواو بەرگریکانەدا و بە ئامانجی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران، گەڵاڵەیەک بۆ ناردنی هێزی سەربازی زۆرتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشتووە و بڕیاردان لەو بارەوە لە ئەستۆی کۆشکی سپی دەبێت.

گەڵاڵەی ناردنی هێزی سەربازی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا پەسەند نەکراوە و بەو هۆیەوە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کۆشکی سپی کە ئەو هەواڵەیان بە میدیایی کردووەتەوە نەیانویستووە نێوەکانیان ئاشکرا بێت.

 

ترامپ و بەهێزکردنی هێزی بەرگری ئەمریکا لە ناوچەکە

هەواڵدەری ئاسۆشیتدپرێس ناردنی هێزی سەربازی زۆرتری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دژی بۆچوونەکانی ترامپ لەمەڕ کەم کردنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچە دەزانێت.

ئەوە لە کاتێکدایە ناردنی کەشتی فرۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئابراهام لینکۆڵن" و هەروەها ناردنی چەند فرۆکەی بۆمب هاوێژی بی ٥٢ بۆ ناوچەکە و جێگیر بوونیان لە بنکەی سەربازی "ئەلعەدید" لە قەتەر بووەتە هۆکاری زیاد بونی هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداوی فارس.

پاتریک شاناهان، وەزیری بەرگری ئەمریکا و مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دانیشتنی خۆیان لەگەڵ ئەندامانی سەنا و مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا جەختیان لەوە کردبووە کە ئەمریکا خوازیاری هەڵاییسانی شەڕیێی نوێ نییە و هەموو هەوڵەکانی ئەمریکا لە کەنداوی فارس بۆ بەرگری کردنە لە خۆی.

لە گەڵاڵەی پنتاگۆن بۆ ناردنی هێزی سەربازی زۆرتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێداگری لە سەر تایبەتمەندی "بەرگری" پلانەکە کراوە وهاتووە ئەمریکا بۆ بردنە سەری توانایی سەربازی خۆی پێویستی بە هێزی سەربازی زۆرتر و هەروەها زیاد کردنی سیستەمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت هەیە.

هەواڵی ناردنی هێزی نوێی سەربازی لە لایەن ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست سەرەتا لە لایەن کاناڵی سی ئێن ئێن بڵاو بووە. ئەو کاناڵە بڵاوی کردبووە پێنتاگۆن لە پێوەندی لەگەڵ ناردنی هەزاران سەربازی نوێی ئەمریکایی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانوستانی لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی کردووە.