وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا "دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی" ئەندامانی بنەماڵەی خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەری کۆچکردووی سەرکۆنە کرد و ئەو هەنگاوانەی بە "قبووڵنەکراو" وەسف کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژە بە دەستگیرکردنی جەواد عەلیکوردی، برای خەسرەو عەلیکوردی و چەند ئەندامێکی دیکەی بنەماڵەکەی کراوە. واشنتن دەڵێت، سەرەتا بەشداربووانی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەو پارێزەرە دەستبەسەر کراون و ئێستاش بنەماڵەکەی کراونەتە ئامانج؛ ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە "ئەم جۆرە کارانە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە قبووڵنەکراون."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم فشارانە بەشێکن لە "شێوازێکی بەرفراوانتر لە ئێران"، کە تێیدا بنەماڵە و هاوڕێیانی کۆچکردووان تەنانەت مافی ئەوەیان نییە بەبێ ترس لە ئازاردان و تۆڵەسەندنەوە، شینگێڕی بۆ ئازیزانیان بکەن. وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم جۆرە ترساندنانە تەنیا نادادپەروەری و ئازارەکان قووڵتر دەکاتەوە."
خەسرەو عەلیکوردی، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ بوو، کە پارێزەریی ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی و بنەماڵە دادخوازەکانی لە ئەستۆ گرتبوو. تەرمەکەی لە ١٥ی سەرماوەز لە نووسینگەکەی خۆیدا دۆزرایەوە؛ پاش ڕووداوەکە، ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسی و پارێزەران مردنی ناوبراویان بە "گوماناوی" ناو برد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا ستایشی کارەکانی ئەو پارێزەرەی کردووە و ڕایگەیاندووە: "میراتی خەسرەو عەلیکوردی وەک پارێزەرێکی بوێری مافەکانی مرۆڤ بە زیندوویی دەمێنێتەوە و داواکارییە گشتییەکانیش بۆ گەیشتن بە ڕاستی و دادپەروەری بەردەوام دەبن."