
کوژرانی خوێندکارێکی زانکۆی تاران بە دەستی کەسانی چەقۆکێش، ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆی لێکەوتەوە. کوژرانی ئەمیرمحەممەد خالقی دەرمیان، ١٩ ساڵ تەمەن، کاردانەوەی زۆری لێکەتووەتەوە.
ئەمیرمحەممەد خالقی خوێندکاری بەشی کارگێڕی کاری زانکۆی تاران بووە و دەگوترێت، شەوی ٢٤ی رێبەندان کاتێک بەرەو بەشە ناوخۆییەکەیان رۆیشتووە، دوو دزی ماتۆڕسوار هێرشیان کردووەتە سەری بۆ ئەوەی جانتاکەی لێ بدزن، لەو کاتەدا بە چەقۆ لێیان داوە.
خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ تاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنە لە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەگرن کە زۆر جاران نیگەرانییان لە بارودۆخی ئەمنی خوێندکارەکان لە کاتی چوون بۆ زانکۆ و گەڕانەوە بۆ بەشە ناوخۆییەکان دەربڕیوە، بەڵام بەرپرسانی زانکۆ و پۆلیس هیچ هەوڵێکیان نەداوە.
خوێندکارەکان رۆژی هەینی، ٢٦ی رێبەندانی ١٤٠٣، لە کوی زانکۆ تاران کۆبوونەوە و دروشمیان دا "خوێندکار دەمرێت، سەرشۆڕی قبوڵ ناکات" و "ئەو خوێنەی دەڕژێت، بە هیچ شتێک ناشۆردرێتەوە" و داوایان کرد حەمید زارع، لە بەرپرسان زانکۆی تاران لەسەر کار لابدرێت.
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، ناڕەزایەتییەکە توندوتیژی تێکەوتووە و کەشی ئەمنیی بەسەر ناوچەی کوی زانکۆ تاراندا زاڵ بووە.
حوسێن حوسێنی، بەرپرسی زانکۆ تاران، لەنێو خوێندکارەکاندا گوتوویەتی: هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان وەک رووداوەکانی ١٨ی پوشپەڕی ١٣٧٨ هۆکاری توندوتیژی ناڕەزایەتی خوێندکارەکان بوون.
خوێندکارەکان شەوی پێنجشەممەش لە کوی زانکۆ تاران کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بە "کەمتەرخەمی بەرپرسان بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی سنووری بەشە ناوخۆییەکان" دەربڕی.