تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

رووسیا پێشنیاری دابەشکردنى نەوت لەگەڵ دیمەشق دەخاتە بەردەم هەسەدە

رووسیا پێشنیاری دابەشکردنى نەوت لەگەڵ دیمەشق دەخاتە بەردەم هەسەدە
AvaToday caption
posted onNovember 5, 2021
noتعليق

وەک ریگرییەک بۆ پێشگرتن لەپێشڕەوی و هەڕەشەکانى توریکا، رووسیا پێشنیارێک دەخاتە بەردەم ئیدارەى خۆسەرەى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا (رۆژئاڤا)، بۆ ئەوەى ئاشتەواییەک لەنێوان ئەوان و حکومەتەکەى بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا بەدی بهێنێت.


مۆسکۆ پێشنیارێکى خستۆتە بەردەم هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)، بۆ ئەوەى ئاشتەوایی لەو ناوچەیەکە لەگەڵ دیمەشق بەدی بێت، پێویستە ئیدارەى خۆسەری ئاڵای سووریا لەناوچەکانی هەسەدە بەرز بکرێتەوە، هاوکات سەدا ٧٥ داهاتی نەوت رادەستى پایتەختى سووریا بکرێت و، سەدا ٢٥ بۆ ئیدارەى خۆسەری بێت.
خاڵێکى دیکەى رووسیا بۆ کوردەکانى رۆژئاوا بریتیە لەداننان بەبەشار ئەسەد، وەک سەرۆکى سووریا، لەبەرامبەریشدا دیمەشق سیستەمێکى نامەرکەزی و حکومەتێکى خۆجێی بۆ کوردەکان بونیات دەنێت.
لەبەرامبەریشدا رۆژئاوا داواى کردووە، دان بەمافەکانى گەلى کورد بنرێت و، هاوکات پارێزگاری لەهێزەکانى سووریاى دیموکرات بکرێن، بەڵام رووسەکان هیمایان بەوە کردووە " دەکرێ ئەو پرسانە لەسەر مێزى گفتوگۆییەکان باس بکرێن".
سەرچاوە کوردییەکان و رووسەکان جەختیان لەوە کردۆتەوە " ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ نارەزاییەکى بەرامبەر پێشنیارەکەى مۆسکۆ نەبووە".
بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکى ئەنجومەنى جێبەجێکاری ئیدارەى خۆسەری باکوورو رۆژهەڵاتى سووریا روونیکردۆتەوە " رووسیا دەیەوێت گفتوگۆییەکى نوێ لەگەڵ دیمەشق ئەنجام بدەین".
گووتیشى " بەمۆسکۆمان ڕاگەیاند، ئێمە ئامادەین، تێروانینەکانمان روون و مایەى چارەسەرن، بۆیە هەموو کەسێک پێویستى بەتێروانینێکى روون هەیە".
باسى لەوەشکرد " پاڵپشتییەکى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى لەلایەن وڵاتە عەرەبیەکانەوە هەیە، بەشێک لەو وڵاتانەش رۆڵێکى نەرێتیان لەو پرۆسەیە گێراوە، بەتایبەت ئێران و تورکیا".
چیاکورد جەخت لەوەش دەکاتەوە " مەرج نیە هەموو تێروانینەکان لەیەک ئاراستە بن، بەڵام لەچوارچێوەى پرۆسەى گفتوگۆییەکان گەیشتن بەهاوپەیمانیەک کارێکى ئەستەم نیە".
هاوکات ئاڵدار خەلیل، هاوسەرۆکى پارتى یەکێتى دیموکراتى (پەیەدە)، سوورە لەوەى لەگەڵ حکومەتى سووریا بگەنە چارەسەرێکى گونجاو".
دواى کۆنترۆڵکردنى ناوچەکانى رۆژئاوا لەلایەن هەسەدەوە، حکومەتى سووریا سەدا ٨٠ سەرچاوەى نەوەت و غازی لەدەستداوە، بەتایبەت لەناوچەکانى حەسەکەو دێرزور، کەپێش ئەوکات بەشێکیان لەژێر دەسەڵاتى گرووپی تیرۆریستى داعش بووە.
ئێستا کوردەکان یەک لەسەر پێنجى خاکی سووریایان بەدەستەوە، کەئەمەش گەورەترین پارچەی جوگرافیە لەدەرەوەى دەسەڵاتى دیمەشقە، کەئەو ناوچەیەش بەدەوڵەمەندترین ناوچەى سووریا دادەنرێت لەرووى ووزەو کشتوکاڵیەوە.
بەڵام تورکیا هەردەم هەوڵدەدات ئەو پارچەیە لەسووریا دابڕێت و، لەلایەن میلیشیا نزیکەکانى خۆیەوە داگیریان بکات.