تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

با حەیدەرى قوربانى بەتەنیا جێ نەهێڵین

با حەیدەرى قوربانى بەتەنیا جێ نەهێڵین
AvaToday caption
posted onSeptember 19, 2020
noتعليق

بە پێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی جیهانی نێونەتەوەیی لێبوردن، لە ساڵی ٢٠١٧ى زایینییەوە نیوەی ئەو کەسانە لە دونیا لەسێدارە دراون، لە ئێران بوونە و لەم ڕێژەیەش ٢٣%ى بەر ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەکەوێت.

 

ئەگەر حەشیمەتی ڕۆژهەڵاتى کورردستان بهێنینە پێش چاو کە بە زەحمەت دەگاتە دە ملیۆن کەس لە ئاست حەشیمەتە هەشتا میلیۆنییەکەى سەراسەرى ئێران، تێدەگەین کە قووڵایی کارەساتەکە چەندە گەورەیە. ئەمە سەرەڕاى کوشتنی کۆڵبەران و تەقینەوەی مینە چێنراوەکانى کوردستان و تەقەکردن و بۆمبارانکردنی خەڵکی سڤیل و بێچەک لە سنوورەکان. ئەم هەموو کارەسات و کوشت و بڕەى کۆمارى ئیسلامى دەرحەق بە گەلێک و هاووڵاتیانى ئێران نیشاندەرى دوژمنایەتى و بێ منەتى ڕژێمێکى نائیسنانییە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتى کوردستان.

ئەگەر هەموو ئەم کارەستانانە ناوی جینوساید نەبێت، ئاخۆ گەلۆ دەکرێت لە ژێر چ ناوێکدا وەسفى ئەو ڕق و کینەیە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتییەکان بکرێت؟ لێرەدا هەر باسی کوشتنی زمان و کولتور و کەرامەت و ژینگە و سەروەت و سامانى ڕۆژهەڵات ناکەم، تەنیا هێندە بەسە کە چاوێک بە حوکمی سێدارەى لاوانى ڕۆژهەڵاتدا بخشێنیتەوە و بکەوینە خۆ بۆ ئەوەى پشتیوانى لە حوکمدراوانى بێتاوان و زیندانیانى سیاسى بکەین.

تازەترین هەواڵی لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵات کە لەم چەند ڕۆژەدا پرسەکەى گەرمە، حوکمی نادادپەروەرانەى حەیدەر قوربانی ـیە کە لە ڕەزبەرى ٩٥ى هەتاوى لە لایەن دەزگاکانى ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کرا و سێ مانگی ڕەبەق لە زیندانى تاکەکەسى (ئینفرادی) بەند کرا و پاش ئەشکەنجە و سوکایەتی بێ ئەوە مافی پارێزەری پێ ڕەوا ببینرێت، خستیانە زیندانەوە.

ئەوە بۆ سێ ساڵ دەچێت کە قوربانى ئەشکەنجە دەدرێت و ئازار دەبینێت و لە دادگایەکی نهێنی و بێ ئەوە پارێزەری کەیس و پەروەندەکەى ببینێت، ددانپیانانى ناچارى لێوەردەگرن تا تۆمەتى "هاوکاریکردنى کوشتن"ـى بدەنە پاڵ و هەر ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەى حوکمی نەوەد ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنن، کەچى نەک هەر بەم حوکمە نائینسانی و نادادپەروەرانەیە ڕازى نابن، بەڵکو لە کارێکی سەرسوڕهێنەر و بێ ئەوە حوکمی نەوەد ساڵ زیندانیکردنەکەى هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەمجارەیان حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەکەن و پێداچوونەوە بە حوکمەکەشی ڕەت دەکەنەوە.

ڕەنگە پێویستیان بە تۆڵە بێت، تۆڵەی هاشتەگەکانی بەرگریکردن لە نەوید ئەفکارى بە ناحەق و بە بەرەچاوى کۆمەڵگەى جیهانییەوە لە ژێر ئەشکەنجە و ئازار کوشتیان یا ڕقی گرێبەست و ئاشتکردنەوەى ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان بە بەندکراوەکان بڕێژن.

هۆکاری نادادپەروەریی کۆمارى ئیسلامى گرینگ نییە، هێندەى ئەوە گرنگە کە ئێمەی کورد یەکگرتوو بین، خاوەن خەمی یەک بین و حەیدەر بە تەنیا جێ نەهێڵین. با بەرەنگارى ئەوانە ببینەوە کە هەر جارەى کە زانیارێک و لوقمانێک و دیاکۆیێک لە سێدارە دەدەن، کوردستان هەڵدەواسن، با هەموومان هاشتاگەکانمان بۆ "لەسێدارەنەدانى حەیدەر قوربانى" بێت.

 

 

نووسینى: ژیان ژاڵە